بەیاننامەی فراكیسۆنی (ی.ن.ك) لە پەرلەمانی كوردستان

فراكسیۆنی(ی.ن.ك) لە خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان پشتگیری لە جوتیارانی رەسەنی شەناغە و ناوچەی سەرگەڕان و تەواوی جوتیارانی خاوەن ماف دەكات، چونكە دەستور و یاسا ئەو مافەی پێ بەخشیونەتەوە و بەكارهێنانی سوپا دەرحەق بە خاوەن زەوییەكان سەركۆنە دەكەین.
جوتیارانی رەسەنی ئەو ناوچەیە ئەزموونێكی تاڵیان لەگەڵ دەستوەردانەكانی سوپا هەیە و چەندین ساڵە لە بری ئارامی سوپا مایەی چەوساندنەوە و دەربەدەركردنیانە.
بۆیە پێویستە هەرچی زووە پەلە بكرێت لە دورخستنەوە سوپا و هەموو ئەوهێزەچەكدارانەی پەیوەست نین بە هێزەكانی ناوخۆوە لە كەركوك و ناوچەكانی ماددەی 140 .
بەكارهێنانی سوپاو رەفتاری لەو شێوەیە بەرامبەر جوتیارانی رەسەنی ناوچەكە هەنگاوێكی مەترسیدارە و بەردەوامی ئەم پێشێلكارییانە ئایندەی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە رێگە راستەكەی چارەسەر دەستور و یاسایە و ئەوانیش ئەو مافەیان بە جوتیارانی رەسەنی ناوچەكە بەخشیوەتەوە، هەر هەنگاوێكی دیكە لە دەرەوەی چوارچێوە یاساییەكان پێشلكردنی ئاشكرای دەستوری عێراقی فیدراڵە.
فراكسیۆنەکەمان، هەر یەك لە بەرێزان: محمد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری بەرگری حكومەتی فیدراڵ، دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی دەستوری و میژووییەوە كە پێویستە سەرو ماڵی جوتیاران پارێزراو بێت و رێگریی بكەن لە هەر دەستوەردانێكی سوپا لەو ناوچانە.
جارێكی دیكە دووپاتی دەكەینەوە بە تەواوی پشتگیری جوتیاران دەكەین و داوا دەكەین بە هاوكاریی هەموو لایەنەكان لە كەركوك هەوڵی چارەسەركردنی یەكجاریی ئەم كێشەیە بدرێت و پێداگیری دەكەین لەسەر سزادانی سەرپێچیكاران و ئەوانەشی فەرمانیان بە بەكارهێنانی سوپا لە دژی جوتیارانی كورد داوە.


فراكیسۆنی (ی.ن.ك)
لە پەرلەمانی كوردستان