“بە حەق هەر حەق,بەناحەق ناحەقم وتووە لە ڕۆژێ بووم
وە کوو مەنسوور ئەگەر بیشمکوژن ناکـەم لەحــەق لابەم”
رۆژگارێک بووە نەپێگەی سیاسی و دبلۆماسیم هەبووە، نە پشتیوانی زۆری خەلک، هەر لەسەر ئەم ریتمە دژی نا دادگەری، دژی زوڵم، دژی نەبونی ئازادی قسەمکردووە، جەنگاوم، بێدەنگ نەبووم، سەرەتا لە قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانە، دواتر لە تەمەنی هەرزەکاری و کۆلیژ هەر باکم بە هەرەشە و تۆمەتی بێ بنەما نەبووە.
من کە نەوەی پیاوێکی وەک شەهید جەلیل بم کە بە تفەنگێکی سادە بەرامبەر دەبابە و سەدان جەیش و جاش وەستاوە و سور زانیویەتی شەهید بوون بەشییەتی، ئەو نەترسا، نەپسا، و بە ئازادانە و ئازایانە شەهیدکرا، ئیدی من ئەبێ بۆ بترسم؟ لە کێ بترسم؟ لە ئەکاونت و جوێنی ساختە و بوختانی ساختە؟ لەپێناو چی بترسم؟
من ئەزانم لەسەر حەقم، شەری شەخسیم نیە، لەسەر کەسانێک بەدەنگ هاتوم کە نایانناسم، نەم بینیون، بەڵام ئەزانم زوڵمیان لێکراوە و بەدەنگ هاتوم، بۆ ئەمەش ئەزانم خۆشەویستی و پشتیوانی خودا و پاشان خێزان و خەلکە دڵسۆزەکەم هەیە، ئیتر ئەو گەورەترین دەسکەوتی منە و نایگۆرمەوە بە هەرچی دەسکەوت و پۆست و بەرژوەندی مادی.
دیاسانەوە ئەیلێمەوە، هەولێر جوانە، بەڵام ئازادی نییە، شەقامی پانە، بەڵام زیندانەکانی پرە لە ئازادیخواز و کەسانی مەزڵوم، خوداش لەگەڵ مەزڵوماندایە، و پشتیوانی حەقبێژانە، دڵنیام هێدی هیدی حەقبێژان و کەسانی رەسەن باشتر لەم پەیامەی ئێمە دەگەن.
شنیار ئەنوەر
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
٨/١٢/٢٠٢٥

