دەوری نەقیب زریان لە درامای “گەوهەر و خوشکەکانی”
شنیار ئەنوەر
نەقیب زریان لە نێوان خەیاڵی درامای و واقیعی تاڵی کوردستاندا
لە درامای “گەوهەر و خوشکەکانی”دا، کارەکتەری نەقیب زریان وەک ئەفسەرێکی لێکۆڵەر دەرئەکەوێت کە بەدوای کەیسی کوژرانی زەڕەنگەرەکێدا ئەگەڕێت. ئەوەی جێی تێڕامانە، شێوازی کارکردنی ئەم ئەفسەرەیە؛ ئەو وەک نموونەیەکی پڕۆفیشناڵ و هاوشێوەی لێکۆڵکارێکی ناو فیلمە بینای و ئەمریکییەکان ڕۆڵ ئەگێڕێت.
کەسایەتییەک کە بەوپەڕی هێمنی، لۆژیک و بەدواداچوونی وردەوە هەنگاو ئەنێت و تەنها لە ڕێگەی پرسیار و بەڵگەوە گومانەکانی ئەڕەوێنێتەوەو کێی بوێ زۆر بەلەسەرخۆی پرسیاری لێئەکات لە دەرەوەی بینای ئاسایش.
بەڵام کێشە لێرەدایە: ئەم وێنەیە زۆر دوورە لە واقیعی دامەزراوە ئەمنییەکانی کوردستان.
خۆزگە لێکۆڵینەوە لە گومانەکان لە واقیعی کوردستاندا بەو شێوەیە بوایە، بەڵام ئەوەی دەیبینین پێچەوانەکەیەتی لە کوردستان بەم
جۆرەیە.
• دروستکردنی کەیس: زۆرجار دەزگا ئەمنییەکان بەزۆر ئەیانەوێت“کەیسی ساختە” بۆ کەسەکان دروست بکەن.
• وە تەنها لەسەر بنەمای گومانێکی بچووک کافییە بۆ ئەوەی ، حاکم و دەزگا ئەمنیەکان بەکاربهێنن هەڵبکوتنە سەر شوێنێک و کەسەکە بۆ ماوەی چەندین مانگ بێسەروشوێن بکەن.
• دانپێدانانی زۆرەملێ: لەوانەیە هیچ بەڵگەیەکیان نەبێت لەسەر گومانلێکراو یەکسەر، پەنا ئەبەنە بەر ئەشکەنجە، هەڕەشە و سووکایەتی؛ تا کار ئەگاتە ئەوەی تۆمەتبارەکە (تەنانەت ئەگەر بێتاوانیش بێت) لەژێر فشاردا ناچار بێت دان بە تاوانێکدا بنێت کە هەرگیز
نەیکردووە.
بۆیە، کارەکتەری نەقیب زریان لەم درامایەدا زیاتر لە “پاڵەوانێکی خەیاڵی” ئەچێت نەک ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی زابتی تەحقیق لە کوردستان. ئەم جیاوازییە گەورەیە نێوان شاشە و واقیع، وا ئەکات بینەر هەست بە جۆرێک لە “نامۆیی” بکات، چونکە بەشێکی زۆری ئەو ئاسایش و پۆلیسەی لە کوردستاندا کە حزب و شەخس چۆنیان بوێت بەکاریان ئەهێنن، سیمایەکی زۆر توندتر و نادادیتر لە “نەقیب زریان”یان هەیە.
بۆیە پێویستە درامای کوردی بوێرتر بێت ئەم جیاوازییە گەورەیەی لە نێوان نەقیب زریان و زابتی ناو بنکەکانی پۆلیس و ئاسایشی ئێمەدا هەیە، نیشانەی "دابڕانی درامایە لە واقیع". کاتێک درامایەک دێت و وێنەیەکی ڕۆمانسی و خەیاڵی بۆ زابتێک ئەکێشێت کە تێیدا هەموو شتێک بە هێمنی و بەپێی یاسا بڕوات، لە ڕاستیدا خەریکی جوانکارییە بۆ سیستمێک کە لە بنەڕەتدا پێویستی بە چاکسازیی قووڵە.
تێنینی: هێشتا دراماکە کۆتای نەهاتوە، دەوری نەقیب زریان هەڵقوڵاوی واقعی تاڵی کوردستان نیە ئەگەر لە حەڵقەکانی تردا نەگۆڕێت.

