کێ جەلاد وە کێ قوربانی؟
شنیار ئەنوەر
ناکرێت ئێمە لە ژینگەیەکدا بژین کە لەبری حەقیقەت، عەتف هەڵبژێرین. ئەگینا ئەوەی ئێستا کراوە “بە قوربانی” لەبنەمادا جەلادەکەیە.
جەلادبونەکەی لاهور لە پێشوتردا پێویستی بەقسەی من نیە، بەڵگەکان رون و ڕاشکاون کە ئەندازیاری تەقەکردن لە خۆپیشادەر، و راونانی چالاکوان و رۆژنامەنوس و کەناڵ سوتاندن و راوەدونانی وەبەرهێنەران و سەرانەسەندن هەر خۆی بو.
ئەوەی ئەمجارە کە قوربانی راستەقینەیە سەرۆکی یەکێتی و جێگری سەرۆکی حوکمەت خودی یەکێتی و شاری سلێمانیە.
با پێتان بڵێم چۆن؟
لەکاتێکدا پیلانەکەی لاهور بۆ کوشتنی سەرۆکی یەکێتی و براکەی بوە ( بۆ ئەمانە بەڵگەی حاشا هەڵنەگر هەیە، دواتریش دەیبینن)، بەڵام هێزە ئەمنیەکانی سلێمانی بە پرۆسەیەکی زۆر دەقیق و بە بریاری دادگا، بەبێ هیچ زیانێک لە کەسانی مەدەنی بەبێ هیچ کوشتارێک، یاسایان جێبەجێکرد، بەبێ رۆحی تۆڵەکردنەوە.
لەکاتێکدا، دەستگیرکراو ( لاهور) بێ رەحمانە پیلان و بڕیاری هەڵگرتنی کەللەی سەری ئامۆزاکانی ( بافل تالەبانی و قوباد تاڵەبانی) بە قەناس دابو. نەک هەرئەوە ، پیلانەکە کوشتارو خوێنڕێژیەکەی زۆر بوە بۆ تیرۆکردنی ژمارەیەکی زۆری فەرماندەی ئەمنی و سەربازی، و کردنی سلێمانی بە حەلەب، کوشتنی هەرکەسێکی تر کە ڕێگیریان لێبکات. هەموو ئەمەش تەنها بۆ بەدیهێنانی خەونێکی شەخسی و تۆڵەکردنەوەیەک، بەبێ هیچ بڕیارێکی دادگا.
لاهور بەڵێن و بڕیاری کوشتنی کاک بافل و کاک قوبادی دابوو، نەک ململانێی سیاسیان لەگەڵدا بکات بەڵکو بڕیاری کوشتن.
لە کاتێکدا، بافل تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لە لوتکەی دەسەڵاتدان، هەمو دەرفەتێکی سیاسیان دا بە لاهور بەوەی میدیا دابنێت، حزب دروستبکات، ململانێی سیاسی بکات، تەنانەت ئەو موڵک و ماڵەشی لا بمێنێتەوە کە کاتی خۆی لەسەر حسابی یەکێتی بردویەتی، کە بەسەدان ملێۆن دۆلارە، بەڵام ئەو دەستبەرداری پیلانەکانی نەبوو.
کاتیکیش کە دەستگیرکرا لە پرۆسەیەکی ئەمنی سەرکەوتودا، یەک مناڵ یان کەسێکی مەدەنی لەخوا بەزیابێت پەنجەیەکی خۆێنی لێنەهاتوە.
کەسوکارەکەی لاهور بە ڤیدۆ قسەیان لەگەل کردوە لە زیندان (ئەمە بۆ کێ کراوە؟)، کەس ئازاری نەداوە، لەماوەیەکی کورتدا ئەوانەشی لەگەڵی گیراون کەسوکاریان سەردانیان کردون، ئەمە هێشتا دوکەڵی ئۆپەراسێۆنە ئەمنیەکەی سلێمانی خامۆش نەبوە.
بۆیە ئەڵێم کێ وەک یەکێتییە؟ کێ وەک کورانی مام جەلال دەوڵەتدارانە مامەڵە دەکات و ئەو کەسەی کە قەناسی لەسەر سەریان گرتبو، تینوبو بە خوێنیان، ئاوا موعەزەم وە موکەرەم مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؟
لەکۆتایدا بەخەڵک دەڵێم، توڕەی لە حوکمەت، لە بارودۆخی موچە مافی خۆتە، بەڵام مەهێڵە ئەمە لەلایەن (جەلادێکەوە) یان بازرگانێکی ساختەچیەوە بەکاربهێرێت، تا مەرامی گڵاوی خۆیان تێکەل بە ئازارەکانی ئێوە بکەن.
ماندێلاکان نەگیراون، بەڵکو کارتێڵێکی سیاسی و بازرگانێکی دەستبرو ساختەچی گیراون، لەمە
دا خەلک و کوردستان و سلێمانی براوەن.