بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بێدەنگکردنی رەخنە سەرکۆنە دەکەم.

بە توندی بریاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دژی سەرپەرشتیاری گشتی بۆردی کەناڵ هەشت بەرێز کاک ئەحمەد نەجم و رۆژنامەنوس و پێشکەش کار بژار دەباغ، سەرکۆنە دەکەم و رەتیدەکەمەوە.

پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان و خودی وەزیری ناوخۆ سەرقاڵی دروستکردنی ژینگەیەکی لەبارتر بن بۆ کاری میدیایی و ئازادی رادەربرین، نەک هێز و دەسەڵات بەکاربهێنن بۆ دروستکردنی بێدەنگی و چەسپاندنی سیستمی ستەمکاری تاک حزبی و تاکرەنگی و بێدەنگی.

کەناڵ (٨) و رۆژنامەنوسەکانی پیشەییانە و ئازایانە دەستیانخستۆتەر سەر برینەکانی خەڵک  و بە بەدواداچون و کاری رۆژنامەوانی جدی پێگەیەکی گرنگیان لە ناو رای گشتی هەیە و بونەتە دەنگی ئەوانەی دەنگیان نابیسترێت، بەتایبەت لە سنوری هەولێر و بادینان کە سیستمێکی تاکحزبی ستەمکاری خۆسەپێن هەناسەی لە ئازادیخوازانی ئەو دەڤەرە بریووە، بەڵام میدیاکانی خۆیان بەردەوام خەریکی چەواشەکاری و دروستکردنی ناوچەگەری و تۆمەتی بێ بنەمان، بەڵام ئێمە وەک بەشێک لە ئازادی رادەربرین مامەڵەمان لەگەڵ کردون.

بۆیە ئەم بریارەی وەزارەتی ناوخۆ پاشەکشە بە کەناڵ (٨) و رۆژنامەنوسەکانی ناکات و ئەوان پشتیوانی بەردەوامی ئێمە و خەلکیان هەیە.

شنیار ئەنوەر

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان

٢١/٦/٢٠٢٦