پشتیوانیکردنی رۆژئاوا منەت نییە ئەرکی نەتەوەییە
شنیار ئەنوەر
پرسی کورد لە رۆژئاوا پرسێکی نەتەوەیی و لەمێژینەی سووریایە و چارەسەرکردنی ئەو پرسە بە هێرش و پەلامار و هەڵکوتانەسەر نەبووە و نابێت.
کورد گەورترین رێکخراوی تیرۆرستی لەناوچەکە بۆ هەمیشە تێکشکاند کە رێکخراوی داعش بوو، و بۆ چەندین ساڵە گەورەترین زیندانی دەستگیرکردن و گەمارۆدانی تیرۆرستان ئیدارە دەدات و کۆنترۆڵی کردووە کە هاوڵاتی بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە و ئەوروپاشی تێدایە و تەنانەت ناوێرن هاوڵاتییەکانی خۆشیان وەرگرنەوە، دەیان ساڵە هاوپەیمانی ئەمریکا و رۆژئاوایە بۆ رووبەڕوبوونەوەی تیرۆرستان لەکاتێکدا بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە بە نهێنی و بە ئاشکرا پشتیوانی داعشیان دەکرد، پێگەی کورد ئەمڕۆ لە ئاستێکدا نیە تیرۆرستێکی دوێنێ و سەرۆکێکی ناشەرعی ئەمڕۆ بییەوێت بە دەستبادان پێگەی کورد لە سووریا لاواز بکات، لەبەرئەوە دەبێت دۆزی کورد لە رۆژئاوا رێزی لێبگیرێت و بپارێزرێت. ئەرکی هەموو تاکێکی کورد لە دژی هەوڵی سەربازیی و هێرشی ناوڕەوا لە دژی کوردان بوەستێتەوە.
رۆژئاڤاییەکان خاوەنی داستانی کۆبانێن بۆیە تیرۆرستان دەیانەوێت بە فۆرمێکی تر و لەژێرناوی سوریای عەرەبی رووبەڕوویان ببنەوە، بەڵام ئەو خەونەشیان دەنرێتە چاڵ.

