سلێمانی مەخنکێنن


شنیار ئەنوەر 


چەند ساڵێکە سلێمانی ، هیچ چالاکییەکی شایستە بە جەژنی نەورۆزی تێدا ناکرێت. 


نەورۆز بۆ کورد تەنها هەڵپەڕکێ و گۆرانی نییە، بەڵکو سیمبوڵی ڕاپەڕین و ناسنامەو نوێبوونەوەی ئیرادەیە. کاتێک سلێمانی لەیادی نەورۆز بێ بەشدەکرێت، واتە هەوڵێک هەیە بۆ خنکاندنی ناسنامەی ڕۆشنبیری و نوێبونەوەو دڵخۆشی خەڵکی ئەم شارە.

لێرەوە ڕووی دەمی ڕەخنەم ئاراستەی پارێزگاری سلێمانی دەکەم؛ ئەرکی ئێوە پاراستنی شکۆ و جەژنی نەتەوەیی ئەم شارەیە. بێدەنگیی ئێوە لە ئاست ساردوسوڕیی یادەکان، نیشانەی لاوازیی ئیدارەدان و بێ روئیای و بێباکییە بەرامبەر بە هەستی هاووڵاتیان.


بەڵێ، ئێمە زۆر باش لە دۆخی ناوچەکە تێدەگەین، ڕەچاوی مەترسییەکانی جەنگ و ناسەقامگیریی سیاسی دەکەین و نامانەوێت خەڵک بخەینە مەترسییەوە، بەڵام ڕەچاوکردنی جەنگ نابێت ببێتە پاساو بۆ "کوشتنی ژیان" لەم شارەدا. دەکرێت بە شکۆوە یادەکان بکرێنەوە بێ ئەوەی ئاسایشی شار تێکبچێت.


سلێمانی هەمیشە پێشەنگی گۆڕانکاری و هەڵگیرسێنەری مەشخەڵی نەورۆز بووە، نابێت بە بیانووی جیاجیا بێدەنگ بکرێت و ڕەنگی لێ بسڕێتەوە. جارێک بەهۆی کۆرۆنا و جارێک بەهۆی شەڕو جارێک بەهۆی قەیرانی دارای ، کە خۆی لە راستیدا هەمو ئەو دەرفەتانە ڕێگایەکە بۆ بوژانەوەی بازاڕو دەرفەتی کار. تەنها روئیاو ئەقڵی شارداری ئەوێت، ئەوانەی ئیدارەی سلێمانی بەڕێوەدەبەن، پێیان وایە شارو ئیدارەدانی شار ، ئیمزای وشکە لەسەر وەرەقەو دانیشتن لەپشتی مێزەوە. 


سلێمانی بەتەنها دەتوانێت بەناسنامە کلتوریەکی زۆرترین گەشتیاری بۆ بهێندرێت نەک بخێنکرێت. گەورەترین دو کەنداوی هەیە، پیرەمەگرون هەیە لە قوڵای شارەکەدایا. دنیایەک سروشتی جوان هەیە کە بەس لە سلێمانی هەیە. ئەم رق لێبونە لە سلێمانی کوشتنی سلێمانی بۆ؟ سلێمانی بەوەوە جوانە کە شوێنی کاک ئەحمەدی شێخی تێدادەبێتەوە ، تەکیەی کەسنەزانی لێیە، مزگەوتی گەورەی هەیە، ناوەندی ئاینی گرنگی لێیە، گردی مامەیارەو ، تەلاری هونەرو شانۆی ڕۆمانی و هەمو ئەمانە ناوەندی رۆشنبیری جیاوازی تیایا وە سلێمانی مەکەن بەیەک ڕەنگ. 


پیرۆزبایی نەورۆز لە هەموو ئەو دەنگە ئازادانە دەکەم کە لە ناو بێدەنگیدا، ئاگری نەورۆز لە دڵیاندا بە گەشی دەهێڵنەوە.